ئەوکات هاتوو چۆی مامۆستای ئایینی لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانە زۆر بوو. زۆر جار لە شەوانی زستاندا من سەردانی ئەوانم دەکرد و گەلێ جاریش ئەوان تەشریفیان دێنا. ئاوایی سێوەدین هەڵکەوتوو لەنێوان بۆکان و مەهاباده؛ ئەوکات تەنیا قوتابخانەی سەرەتایی هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی «قەرەکەند» دێیەکی گەورەتر بوو، ئەم پوانە(امتیاز)ی هەبوو کە قوتابخانەی ناوەندی بدرێتێ، وابزانم ئەوساڵی کە بەڕێزی لەوێ بوو، دەستپێک و کرانەوەی ئەم قوتابخانە ناوەندییە بوو. قوتابخانەکە لە مڵکی سێوەدین هەڵکەوتبوو کە عومەر ڕەشیدبەگی(ناسراو بە کاک شێخ) پێشکەشی دایرەی پەروردە و فێرکردنی بۆکانی کردبوو. ناوبراو جگه لەم قوتابخانەیە، پاشان زەویەکی دیکەشی، لە سەر ڕێگەی بۆکان- مەهاباد، بە رێخراوی هەرەوەزەیی کشت و کاڵ(سازمان تعاون کشاورزی) بەخشی. کاک شێخ زۆر پیاوی چاک و خێرخواز بوو؛ وەنەبوو بڵێ بۆ دەبێ زەوی قوتابخانە هی سێوەدینی بێ بەڵام خاوەن ئیمتیاز هەر قەرەکەند بێ و یا بۆ کەسی دیکە لەخۆبردوویی نییە؟ بۆ بەڕیزی، ئەم کێشانە لەگۆڕێدا نەبوو. مەودای سێوەدین و قەرەکەند پەڵەزەویەک و جۆگەلەیەک بوو، دەمبژارد، بە سێ خولەک دەگەیشتمە نێو دێی قەرەکەند. مەلای وێندەرێ، مامۆستا مەلا خالید بەنگینپوور و مەلا سێوەدینی سەرێش، مامۆستا مەلا مەحموود مەعڕووفی بوون.

با بگەڕێمەوە سەر دانیشتنەکەمان؛ لەم دانیشتنەدا، لەگەڵ کاک ڕەهبەر هەندێ بیرەوەریی ساڵانی ۷٤و ۷۵ی هەتاویمان وەبیر یەکدی هێنایەوە، باسمان لەم کەش‌ و هەوایە کرد کە تێیدابووین. لەدواییدا لەگەڵ سەیید موبین باسیان لە فەلسەفەی دین و فەلسەفەی زانست کرد و ئەو هەندێ کتێبی بۆ موتاڵا بە مەلا موبین پێشنیار کرد؛ وەک کتێبی: «رسالە دین شناخت و عقل و اعتقاد دینی» نووسینی ئارەش نەڕاقی. هەروەها پێشنیاری کرد و ووتی: لەپەنا ئەوانە، خەریکی ئەم پەرتووکانە بە کە پێوەندیان بە قوڕئانناسییەوە هەیە.

ئەو نۆ مانگەی سێوەدین، لەگەڵ کاک ڕەهبەر زۆر خۆشمان ڕابوارد. لەبەر ئەوە، هەردووکمان لەدایکبووی شنۆ بووین، پێوەندیمان زیاتر و ئارامان خۆشتر بوو. کاک ڕەهبەر، ئەوکات فەوقەدیپڵۆمی هەبوو بەڵام زۆر هۆگری موتاڵا بوو. ئاگام لێ بوو کاتی خۆی بەفیڕۆ نەدەدا و زۆر چاکی کتێب دەخوێندنەوە، بەتایبەتی ئەم پەرتووکانەی کە لە بارەی بیرو هزر و ئەندێشەدا بوون. کتێبەکانی لە دەلاخچەیەکدا چندرابوون. زۆرم شایی بە کاک ڕەهبەر بوو، شوکری خودا دڕێژەی بە خوێندن دا و سەرەتا لیسانسی ئەندازیاریی ئیلیکتڕۆنیکی لە زانکۆی ورمێ وەرگرت و پاشان توانی پلەی ماستەر و دوکتۆرا لە فەلسەفەی زانست وەرگرێ. ماوەتەوە بڵێم بنەماڵەی کاک رەهبەر لە شاری شنۆ، بنەماڵەیەکی ڕێزدار و ئەهلی زانستن. خوالێخۆشبوو حامید مەحموودزادە، باوکی کاک ڕەهبەر، مامۆستای قوتابخانه بوو و پەرتووکخانەیەکی گەورەو دەوڵەمەندی لە ماڵی خۆیدا هەبوو. هەر وەها میرزا ڕەحیم شنۆیی مەحموودزادە مامی باوکی کاک ڕەهبەر، نووسەر و لێکۆڵەڕێکی گەورەی بواری مێژووی کۆن و نوێی کوردستانە و چەندین کتێبی بەنرخی لێ بڵاو بۆتەوە و بە چاپ گەیشتووە.

ناساندن:
رەهبەری مەحمودزاده، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٤ لە شاری شنۆ، دەرچووی دکتۆرای فەلسەفەی زانست لە زانکۆی ئازاد واحیدی عولوم تەحقیقاتی تاران و وانەبێژی قوتابخانە و زانستگایە.

دوکتۆر ڕەهبەر، نووسەر، توێژەر، ڕەخنەکاری ئەدەبیی کوردیە. دەتوانین ئاماژە بە چەند نووسینی بەڕێزیان بکەین:
- پێکهاتەی بەیتی کوردی، ۱۳۸۱، وەشانگەی صلاح‌الدین ایوبی
- تحلیل کنش در منطق موقعیت، ۱۳۹۶، (تاملاتی در فلسفه‌ی علوم اجتماعی پوپر)، وەشانگەی طرح نقد
- ئافاقی شێعری نالی، ۱۳۹۹، وەشانگەی مادیار.

لە کۆتاییدا له خوای مەزن، بۆ ئەم مامۆستا ماندوونەناسە، داوای لەشساغی و تەمەندرێژی دەکەم.